ڕۆژانە زیاتر لە 50 سەگی بێلانە لە هەولێر کۆدەکرێنەوە

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2025-09-11-02:07:00 - کۆدی بابەت: 12
ڕۆژانە زیاتر لە 50 سەگی بێلانە لە هەولێر کۆدەکرێنەوە
هەواڵەکانی هەولێر

ئەربیل 360

کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە کۆچە و کۆڵانەکانی شاری هەولێر بەردەوامە و بەگوتەی پارێزگاری شارەکەش، ڕۆژانە نزیکەی 50 سەگی بێلانە دەبرێنە شێڵتەرەکانی سەگ.


دوای زیادبوونی سەگی بێلانە لە شاری هەولێر و دروستکردنی مەترسی لەسەر هاووڵاتیان، پارێزگاری هەولێر بڕیاری دروستکردنی شێڵتەری سەگی دەرکرد؛ کە ئامانج لێی کۆکردنەوە و پاراستینانە لە شوێنێکی تایبەت، ڕۆژانەش بەبەردەوامی سەگ لە کۆڵانەکان کۆدەکرێنە و دەبرێنە شێڵتەر و لەلایەن تیمی تایبەت چارەسەر دەکرێن و چاودێری دەکرێن.

 

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بەردەوامە، دوو تیم ڕۆژانە زیاتر لە 50 سەگی بێلانە لە کۆچە و کۆڵانەکان کۆدەکەنەوە، لە ماوەی ساڵێک و 10 مانگدا زیاتر لە 17 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراوەتەوە و بردراونەتە نێو شێڵتەر، بەنزیکەیی 15 هەزاریش ماون، بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی دەورووبەری هەولێر.

 

لە ڕۆژانی یەکشەممە تاکوو پێنجشەممە، پزیشکی ڤێرتێرنەری نەشتەرگەری بۆ سەگە بێلانەکان دەکات، دوای نەشتەرگەرییەکەش دەگەڕێنرێنەوە شوێنەکانیان، تائێستاش زیاتر لە 7 هەزار سەگی بێلانە نەشتەرگەریان بۆ کراوە و لە شێڵتەر دەرچوون. هاوکات بەگوێرەی ئامارەکان لە دوو مانگی ڕابردوودا لەگەڵ کردنەوەی ئەم شێڵتەرە ڕێژەی گەستن 47% کەمیکردووە.

 

بەمەبەستی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەری سەگی بێلانە بەگوژمەی 455 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر لەسەر ڕووبەری 20 دۆنم زەوی دروست کراوە و ڕۆژانە چەندین تیمی پزیشکیی ڤێتێرنەری و کارمەندی تایبەت تێیدا کار دەکەن.



42 بینین