ئەربیل 360
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزشی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی کوردستان، هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر ڕەت دەکاتەوە و یانەکەش دەڵێت: ئەوان دەسەڵاتیان بەسەر هیچ یانەیەکی کوردستان و ئێمەشدا نییە.
ماوەی ڕابردوو یانەی هەولێر لە دۆخێکی خراپدا بووە و تاوەکوو ئێستاش دەستەی کارگیڕیی نوێ دەستی بە کارەکانی نەکردووە، دیارترین یاریزانی یانەکەش کە شێرکۆ کەریم بوو، بەهۆی کێشەکانی یانەکەوە چووە یانەی زاخۆ، بەمەش هاندەرانی یانەی هەولێری نیگەران کردووە و نازانن یانەکەیان چۆن خۆی بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزشی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی کوردستان ڕایگەیاند: هەڵبژاردنی تەواوکاری بۆ یانەی هەولێر بە سەرپەرشتیی نوێنەرایەتیی لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراقی لە هەولێر بەڕێوەچووە، ئەمە پێچەوانەی یاسای یانە وەرزشییەکانی عێراق - ژمارە 18ـی ساڵی 1986ـی هەموار کراو بە ژمارە 37ـی ساڵی 1988 و یاسای وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی کوردستانە، بە پێشێلکاری تایبەتمەندی دامەزراوە وەرزشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، ئەمە جێگای قبووڵ کردن نییە و سەرلەبەری ئەم پرۆسەی ئەنجامدراوە لە لایەن ئێمە باوەڕپێکراو نییە و ڕەتی دەکەینەوە.
یانەی هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، کە دوێنێ شەممە بە پێی یاسا و ڕێنمایی هەڵبژاردنی یانەکانی کوردستان، بە ئامادەبوونی 50+1 ی دەستەی گشتیی یانەکە، دادوەر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و نوێنەرایەتیی لێژنەی ئۆڵۆمپی عێڕاق/هەولێر، هەڵبژاردنی تەواوکاری بۆ دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر کراوە، ئەمەش بۆ ئەوەی سەفین یاسین بە فەرمی بکرێت بە سەرۆکی یانەکە و بۆشایی یاسایی دروست نەبێت.
لە ڕوونکردنەوەکەی یانەی هەولێر دا هاتووە: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزشی کوردستان و خودی بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشی کوردستان، ئیش و کاری ڕاستەقینەی خۆی بیرچووە و دەستێوەردان لە هەموو کارێک دەکات، تەنیا ئیش و کاری بووەتە یانەی هەولێر، لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەڵبژاردنە ڕەت دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئێمە وەک دەستەی کارگێڕی یانەکە لە 17ـی 7ـی 2025 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشی کوردستان نەماوین و هەڵوەشاینەوە.
36 بینین