ئەربیل 360
سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) رەتیدەکاتەوە بەشداری لەو شاندەی پەرلەمانی تورکیادا بکات کە بڕیارە سەردانی ئیمراڵی بکەن و دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان نوێنەرایەتیی تەواوی کورد ناکات.
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار رۆژی چوارشەممە 10-9-2025 لە کۆبوونەوەیەکیدا لە ئیستەنبووڵ وەڵامی چەند پرسیارێکی تایبەت بە رۆژەڤی تورکیا و بەتایبەتیش پرۆسەی چارەسەری دایەوە.
یاپیجیئۆغڵو یەکێک لە ئەندامانی ئەو لیژنە 51 کەسییەیە کە لە پەرلەمانی تورکیا تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە و ئێستاش ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی شاندێکی لیژنەکە سەردانی ئیمراڵی بکات.
سەبارەت بە ئەگەری چوونی شاندێکی لیژنەکە بۆ ئیمراڵی و کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، سەرۆکی هوداپار گوتی: "ئێمە لەگەڵ دیدارێکی وەها نین. عەبدوڵڵا ئۆجەلان نوێنەرایەتیی تەواوی کورد ناکات. دەکرێت تەنیا نوێنەری ئەو رێکخراوە بێت کە خۆی دایمەزراندووە. جگە لەوان ملیۆنان کورد هەن. ئێستا لە پەرلەمانی تورکیادا کورد هەیە کە دەنگی بە نزیکەی هەموو پارتێک داوە. واتە ئێمە باسی کۆمەڵێک دەکەین کە لە ملیۆنان کەس پێکدێن و دەنگ بەم پارتە سیاسییە جیاوازانە دەدەن و بە نوێنەری خۆیانی دەزانن. نابێت پارتێک بە تەنیا بڵێت 'من نوێنەری هەموویانم' و خۆی بەو شێوەیە ببینێت."
سەرۆکی هوداپار هەنگاوەکەی پەرلەمانی تورکیای بۆ دیدارێکی لەمشێوەیە بە پێویست نەزانی و گوتی: "من لە سووربوونی دەم پارتی تێدەگەم، چونکە لە سەرەتاوە هەڵوێستێکی لەو شێوەیەیان هەیە. هەوڵدەدەن خۆیان وەک نوێنەری تەواوی گەلی کورد نیشان بدەن. ئەمە هەنگاوێکی زۆر هەڵەیە".
رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2025، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە رێگەی فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە پێشنیازی کرد، 3-4 ئەندامی لیژنە پەرلەمانییەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ گوێگرتن لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن.
34 بینین