ئەربیل 360
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، چوار کەس بە تۆمەتی دزینی ئاسنی فلێکس و دوو کەس بە تۆمەتی تەقەکردن دەستگیر کران.
رۆژی پێنجشەممە، 13-11-2025، موقەدەم کفاح حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە ئەربیل 360ی راگەیاند، ''لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا تاوەکو رۆژانی دەنگدان، هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هەر سەرپێچییەک یان تەقەکردنێک لەلایەن هاووڵاتییانەوە، لەو چوارچێوەیەدا توانیمان 6 کەس دەستگیر بکەین".
بە گوتەی موقەدەم کیفاح حەسەن، چوار کەس بە تۆمەتی دزینی ئاسنی فلێکس دەستگیر کران، کە ''بەپێی مادەی 446 مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.''
لە کاتی هەڵبژاردندا بەشێک لە هاووڵاتییان ئاسنی فلێکسەکان دەبەن و دەیفرۆشنەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر باسی لەوەش کرد، ''هەر لە ماوەی هەڵبژاردندا، دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن چەند هاووڵاتییەکی شاری هەولێرەوە بە بیستنی دەنگی تەقە لە نزیک شەقامی خێرای 120 مەتری، دەستبەجێ دەستمان بە بەدواداچوون کرد و دوو کەسمان بە تۆمەتی تەقەکردن دەستگیر کرد.''
ئەو دوو تۆمەتبارە بە ناوەکانی (م. ح. س) و (س. ت. ت)ـن و دانیشتووی هەولێرن.
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد و رۆژی 08-11-2025 کۆتاییی هات.
15 بینین