ئەربیل 360
پارێزگاری هەولێر جەخت دەكاتەوە كە لە شاری هەولێر هیچ شوێنێكی قومارخانە و كاری بەدڕەوشتی نییە و ڕێوشوێنی تووندی یاساییش لەبەرامبەر ئەو كەسانەی گیراوەتە بەر كە كاری لادەری و بەدەر لە یاسا دەكەن. دەشڵێت، بەشێك لە میدیاكان دەیانەوێت بە هەندێك شتی پڕوپووچ و بێ بنەما دژی گەشەسەندنەكانی هەولێر بوەستنەوە.
سەبارەت بە بوونی قومارخانە و شوێنی بەدڕەوشتی لە شاری هەولێر، پارێزگاری هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەولێر سەرەڕای قەرەباڵغی و بوونی گەشتیارێکی زۆر، بەڵام بە فەرمی هیچ قومارخانەیەکی فەرمی بوونی نییە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دەنگۆی بوونی شوێنی بەدڕەوشتی و قومارخانە لەنێو شاری هەولێر ڕایگەیاند: دانیشتووانی شاری هەولێر زیاترن لە دوو ملیۆن كەس و نزیكەی 350 هەزار ئاوارە و پەنابەری تێدایە و ڕۆژانە هاتووچۆی هاووڵاتیانی شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ هەولێر هەیە و لە ڕۆژی ئاساییدا جگە لە بۆنە و پشووەكان، سەرووی 100 هەزار كەس سەردانی شاری هەولێر دەكەن، بە دڵنیاییەوە لەم شارەش وەك هەر شوێنێكی دیكە كاری لادەرانە و بەدەر لە یاسا دەكرێت، بەڵام جەخت دەكەمەوە كە لە هەولێر هیچ شوێنێكی قومارخانەی فەرمیی نییە كە حكومەت و یاساكانی هەرێمی كوردستان ڕێگەی پێدابێت.
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، یاساكانی هەرێمی كوردستان و تەنانەت عێراقیش ڕێگە بە كردنەوەی قومارخانە نادەن و ڕێوشوێنی تووندی یاساییش لەبەرامبەر هەر كەسێكیش دەگیرێتە بەر كە ئەم كارە بكات.
48 بینین