كەمتر لە دوو مانگی دیكە تەواوی دەورووبەری هەولێر لە پرۆژەی فریاگوزاریی ئاو سوودمەند دەبن

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2025-09-11-01:46:00 - کۆدی بابەت: 8
كەمتر لە دوو مانگی دیكە تەواوی دەورووبەری هەولێر لە پرۆژەی فریاگوزاریی ئاو سوودمەند دەبن
ئابووری هەولێر

کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر

ئەربیل 360

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر تایبەت بۆ ئەربیل 360 ئاشكرای دەكات، لە ماوەی مانگ و نیوێك بۆ دوو مانگی دیكە، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرایی ئاوی هەولێر دەگاتە ناحیەكانی شاوێس و بەحركە و قەزای عەنكاوە لە دەورووبەری شاری هەولێر.

دوای سوودمەندبوونی سەرجەم گەڕەكەكانی دەرەوە و ناوەوەی سنووری 120 مەتریی هەولێر لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، قۆناغی دووەمی پرۆژەكە بەكردەیی چووەتە بواری جێبەجێكردن و، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی كۆمپانیای 'كەی وەن' ئێستا سەرقاڵی دانانی تۆڕە ناوخۆییەكانی ناحیەی بەحركە و شاوێس و قەزای عەنكاوە ـن بۆ بەستنەوەی ئەو شوێنانە بە پرۆژەی فریاكەوتنی خێرایی ئاوی هەولێر.

ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر تایبەت بە  ئەربیل 360 ڕایگەیاند، دوای تەواوبوونی كارەكانی دانانی تۆڕە ناوخۆییەكانی دابەشكردنی ئاو لە سنووری شارەوانییەكانی یەك، دوو، سێ، چوار، پێنج و شەشی سنووری شاری هەولێر، ماوەی چەند ڕۆژێكە دەستكراوە بە دانانی تۆڕەكان بۆ دەوروبەری شاری هەولێر بەدیاریكراویش بۆ ناحیەكانی شاوێس و بەحركە و گەڕەكی سێبەردان. سبەش پرۆژەكە دەگاتە قەزای عەنكاوە.

 
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، ئامانجمانە لەماوەی مانگ و نیوێك بۆ دوو مانگ كارەكانمان تەواو بكەین؛ بەو پێیەش تا مانگی نۆڤێمبەری داهاتوو، قۆناغی دووەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواودەبێت.

پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، جگە لەوەی ئاوی خواردنەوە بۆ دەیان گەڕەكی شاری هەولێر دابینكردووە و گرفتی كەمئاوی شارەكە تا 30 ساڵی دیكە چارەسەر دەكات، هاوكات 489 بیری ئاویش بەهۆی پرۆژەكە كوژێنراونەتەوە و بە تەواوبوونی پرۆژەكەش، هەزار بۆ هەزار و 200 بیری ئاو دادەخرێن، ئەمەش سوودی زۆری دەبێت بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی و قەیرانی وشكەساڵی بۆ ئاییندە.

 



33 بینین